حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 21 APR 2014 13:48 Erbil, GMT +3

ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران به‌ سه‌رۆكايه‌تيى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆبونه‌وه‌ى ئاسايى خۆى ساز دا

WED, 19 SEP 2012 23:21 | KRG.org

نێچيرڤان بارزانى له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران:
- ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌رباره‌ى نه‌وت، هه‌نگاوێكه‌ به‌ ئاراسته‌ى ڕاستدا.
- جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ى له‌ ئه‌وله‌وياتى كارى حكوومه‌ته‌.
-ده‌بێ سستى له‌ ڕاييكردنى كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كاندا چاره‌سه‌ر بكرێت.

پێشنيوه‌رۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19ى ئه‌يلوولى 2012، ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكايه‌تيى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆبونه‌وه‌ى ژماره‌ 14ى خۆى ساز دا.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان کۆنووسی ڕێککه‌وتننامه‌ی نێوان حکوومه‌تی فيدرال و حکوومه‌تی هه‌رێمى كوردستانى په‌سه‌ند كرد که‌ ڕۆژی 13ى ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌غدا ئیمزا کرا بوو، تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رکردنی هه‌ندێک له‌ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان له‌ بواری نه‌وت و گازدا.

سه‌رۆك وه‌زيران په‌سه‌ندكردنى ئه‌م كۆنووسه‌ى له‌ لايه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى عيراقه‌وه‌، وه‌كوو هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ى ڕاستدا بۆ چاره‌سه‌ريى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدرال له‌ قه‌ڵه‌م دا و ڕايگه‌ياند كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ گه‌شبينييه‌وه‌ سه‌يرى ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ ده‌كات و هيواى خواست ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ببێته‌ ڕێخۆشكه‌رێك بۆ گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن له‌ سه‌ر ياساى نه‌وت و گاز و ياساى دابه‌شكردنى داهاته‌كان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستپێشخه‌ر‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی به‌رز نرخاند که‌ سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ڕێکكه‌وتنامه‌که،‌ پێشتر له‌ سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتى ساڵی 2012دا یه‌کلایه‌نه‌ بڕیاری ده‌سپێکردنه‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتى دا و ئه‌مه‌ش نیازپاکی و په‌رۆشيی هه‌رێم ده‌رده‌خات بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له‌ چۆارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌نديی سه‌رتاسه‌ری عێراق و له‌ به‌ر ڕۆشنایی ده‌ستور و ياسادا.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکوومه‌تی ناوه‌ندی نيشان دا که‌ ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ڕێککه‌وتننامه‌که‌ و په‌سه‌ندکردنی له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانى عيراقه‌وه.

سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجکردنی مسته‌حه‌قاتی کۆمپانیاکانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت و گازيش له‌ هه‌رێمى كوردستان که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانى عيراقه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، داوا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كراوه‌ كه‌ پالپشتيى ياسايى بۆ خه‌رجكردنى بڕی (350) ملیار دینار له‌ بڕى يه‌ك ترليۆن دينارى پيشينه‌ى موسته‌حه‌قاتى كۆمپانياكان، دابين بكات، تاكوو كۆى گشتيى پێشينه‌ى موسته‌حه‌قاتى كۆمپانيان كه‌ ده‌كاته‌ يه‌ك تريليۆن دينار، خه‌رج بكرێت.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌روه‌ها جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌ سه‌ر زه‌رووره‌تى خه‌رجکردنی ته‌واوی یه‌ک ترڵیون دیناره‌كه‌ و له‌ هه‌موو حاله‌تێکدا ئه‌گه‌ر له‌ بودجه‌ی ساڵی 2012دا چاره‌سه‌ر نه‌کرا، ئه‌وا له‌ بودجه‌ی ساڵی 2013ی عێراقدا، بڕى ته‌رخانکراوی پێویستی بۆ دابین بکرێت. دواتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆی بڕگه‌کانی ڕێککه‌وتننامه‌که‌ی کرد و ڕه‌زامه‌ندی له‌ سه‌ر په‌سه‌ندکردنی دا.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران نيگه‌رانى و ناڕه‌زايى خۆى بۆ پێكهێنانى سه‌ركردايه‌تيى ئۆپه‌راسيۆنى ديجله‌ى له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى مادده‌ى سه‌د و چل ده‌ربڕى و ئه‌م هه‌نگاوه‌ى حكوومه‌تى عيراقى به‌ مه‌ترسييه‌كى جددى له‌ قه‌ڵه‌م دا. سه‌رۆك وه‌زيران هه‌روه‌ها كاركردنى له‌پێناو جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عيراقى به‌ ئه‌وله‌وياتى كارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دانا.

له لايه‌كى ديكه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زيران ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌چوون و ڕاييكردنى كاروباره‌كانى وه‌زاره‌ته‌كاندا، هه‌ست به‌ سستييه‌ك ده‌كرێت، بۆيه‌ وه‌زاره‌ته‌كانى ڕاسپارد كه‌ به‌دواى مه‌سه‌له‌كه‌دا بچن و له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌يه‌كدا كێشه‌كان ده‌ستنيشان بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ى ميكانيزمى چاره‌سه‌ركردنيان بۆ دابنرێت. هه‌روه‌ها داواى كرد به‌دواداچوون بۆ مه‌سه‌له‌ى دامه‌زرانديش بكرێت و په‌له‌ى لێ بكرێت.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مینداری گشتيی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانيش ئاماده‌ى بوو، ستراتیژیی نیشیمانيی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژ به‌ ژنان، بڕیارى له‌ سه‌ر درا و دواى گفتوگۆيه‌كى تێروته‌سه‌ل ده‌رباره‌ى ستراتيژييه‌كه‌ و دانانى ڕێوشوێنى جێبه‌جێكردنى، به‌ كۆى ده‌نگى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران، په‌سه‌ند كرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕيار درا كه‌ وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵايه‌تى و وه‌زاره‌تى دارايى و ئابوورى، ڕێنمايى نوێ بۆ بيمه‌ى بێكارى ئاماده‌ بكه‌ن كه‌ له‌ قۆناغى پێشوودا 32 هه‌زار گه‌نج سووديان لێ وه‌رگرتووه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌يه‌كى ڕۆژنامه‌وانيدا تيشكى خسته‌ر سه‌ر ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێم و فيدارل له‌ بوارى نه‌وتدا و وه‌ڵامى ڕۆژنامه‌نووسانى دايه‌وه‌.


دوایین هەواڵەکان

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزی سلۆڤاكیا لە بەغدا كۆبووەوە

باڵیۆز نات خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكانی هەرێم نیشانداو ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ پتەوكردن و پێشخستنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەو بوارانەی هەردوولا دەتوانن سوود لە یەكتر وەربگرن

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ژنى قیامه‌ پیرۆز ده‌كات

هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قیامه‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو خوشك و برا مه‌سیحییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق و جیهان به‌ گشتی پیرۆز ده‌كه‌ین، هیوادارین جه‌ژنێكى خۆش و ئارام له‌ سایه‌ى ئاشتى و سه‌قامگیرى و ئارامیى كوردستاندا به‌ سه‌ر به‌رن.‌

خولی دووەمی فێربوونی زمان لە پەیمانگای ئۆكسفۆڕد زێڕین كۆتایی پێهات

پەیامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕووداوەكەی سلێمانی

فەلاح مستەفا: ئێمە وەك حكومەتی هەرێم پابەندین بە پەیماننامەو رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان

حكومەتی هەرێم دەخوازێت زۆرترین چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنەكان بكەن

نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەڕەنسا روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

سلێمانی، بینای بەرەنگاری توندوتیژی دژی ژنان كرایەوە

نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق كرد