حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 2 OCT 2014 09:22 Erbil, GMT +3

یەكەمین فڕۆكەی حكومەتی روسیای فیدراڵ یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی سوریا گەیاندە هەرێم

TUE, 22 OCT 2013 15:30 | KRG.org

بە ئامادەبوونی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ڤالێری پۆسپیلۆڤ كونسوڵی گشتی روسیا لە هەرێم، مەڕاسیمێك بەبۆنەی گەیشتنی یەكەمین یارمەتی حكومەتی روسیای فیدراڵ بۆ ئاوارەكانی سوریا بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمێكدا كە تیمی فریاكەوتنی سوپای روسیا ئامادەی بوون، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ لە وتەیەكدا سوپاسگوزاری حكومەتی هەرێمی پێشكەش بە حكومەتی روسیای فیدراڵ كرد بۆ ئەم یارمەتیانە و نیشانیدا روسیا یەكەمین دەوڵەتە كە بەشێوەیەكی فەرمی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی سوریا بنێرێت و گوتی : زۆر سوپاسی حكومەتی روسیای فیدراڵ دەكەین كە وەك یەكەم وڵات هاوكاری و كۆمەكی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان هێناوەو دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لێدەكەین.

وەزیری ناوخۆی سوپاسی ڤالێری پۆسپیلۆڤی كونسوڵی گشتی روسیای فیدراڵ لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی هەرێم .

ئاماژەی بەوەشدا تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە 235 هەزار ئاوارەی سوریا كردووە كە لەشارەكانی هەولێر ودهۆك و سلێمانی نیشتەجێن و دووپاتیكردەوە ئەم ژمارەیە بەهۆی بارودۆخی ناسەقامگیری سوریا و هەڕەشەی گروپە تیرۆریستیەكان بەردەوام لە زیادبووندایە و بەردەوامبوونی حكومەتی هەرێمی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مادی و مەعنەوی بۆ ئەم ئاوارانە دووپاتكردەوە و نیشانیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا 60 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەوان تەرخان كردووە و لە هەوڵەكانی بەردەوامە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دابینكردنی پێداویستی بنەڕەتی بۆ ئاوارەكان.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا حكومەتی هەرێم لەماوەی رابردوودا نیگەرانی خۆی بەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگەیاند بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا یارمەتی پێویستی ئەم ئاوارانەی نەداوە و نیشانیدا حكومەتی روسیای فیدراڵ یەكەمین حكومەتە كە نیگەرانیەكانی حكومەتی هەرێمی بەهەند وەرگرت و هاوكاری بۆ ئاوارەكانی سوریا نارد و چاوەڕوانیش دەكرێت چەندین وڵاتی دیكەش هەمان هەڵوێستیان هەبێت.

كەریم سنجاری نەیشاردەوە ژمارەی زۆری ئەم ئاوارانە كاریگەری بەسەر بارودۆخی ئابووری هەرێم هەبووە و نیشانیدا توانای حكومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدانیان سنوردارە، بەپێویستیشی زانی بوارەكانی یارمەتی بۆ ئاوارەكان بواری پەروەردە و تەندروستی و بەڕێوەبردنی كامپ بگرێتەخۆ كە بە هەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكرێت.

هەروەها هیوای خواست بە زووترین كات وڵاتانی بیانی یارمەتیەكانیان بۆ ئاوارەكان بنێرن بەتایبەتی كە ئێستا وابەرەو زستان دەڕۆین و هیوایشی خواست یارمەتیەكانیان بواری جیاجیا بگرێتە خۆ.

پاشان ڤالێری پۆسپیلۆڤ كونسوڵی گشتی روسیای فیدراڵ لە هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا نیشانیدا ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە لە مێژووی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و روسیا و دووپاتیكردەوە روسیا هەمیشە رۆڵی لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ هەر شوێنێك هەبووە لە جیهان كە پێویستی پێی هەبێت بۆیە وڵاتەكەی هەر زوو بەدەنگ نیگەرانیەكانی حكومەتەوە هات و هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان نارد هەروەك چۆن لە لوبنان و ئەردەن هەمان رۆڵیان هەبوو ئەمەش یەكەمینجارە هاوكاری حكومەتی روسیا بە فڕۆكە و فڕۆكەوانی روسی دەگاتە ئاوارەكانی سوریا. 

پاشان یوجێن سێرگی بە نوێنەرایەتی وەزارەتی فریاكەوتنی روسیا نیشانیدا هاوكاریەكانی حكومەتی روسیا بریتیە لە 110 خیوەت و نزیكەی 40 تەن خواردەمەنی وەكو هەنگاوی یەكەم.